بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، مەریوان حاکم هادی، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی مامەڵەی زەوی فەرمانبەرانی راگەیاند و دەڵێت "٤٠٠ فەرمانبەر لە سنووری بنەسڵاوە دەتوانن دەست بە رێکارە یاساییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی تاپۆی زەوییەکانیان".
شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر رایگەیاند "ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە تاوەکو ئەو فەرمانبەرانەی ناویان هاتووە، سەردانمان بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی وردبینی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان".
چوارشەممە، ٣ حوزەیران ٢٠٢٦، مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بەحرکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییە دابەشکراوەکان تەواو بووە، رۆژی شەممە ناوی یەکەم کۆمەڵەی فەرمانبەران کە ٥٠٠ کەس دەبن رادەگەیەندرێت، تاوەکو سەردانی شارەوانی بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکانیان".