جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) پەیامێکیان بۆ ٢٤ـەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نارد.
شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە پەیامەکەدا هاتووە "سوپاسی خۆمان پێشکەشدەکەین بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتیمان لە جڤاتی گشتیدا، بەداخەوە بەهۆی ئەو هۆکارانەوە کە ئاشکران، ناتوانین لە جڤاتی گشتیدا ئامادەبین، بەڵام پێویستە ڕێزدار جڤاتی گشتی بزانێت ئێمە وەکو ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە نەتەوەییە، ئامادەین بۆ هەر ئەرکێک کە دەکەوێتە ئەستۆمان".
"ئەو قۆناغەی ئێستا ئێمە تێیداین، قۆناغێکی ئاسایی نییە، چ بۆ گەلی ئێمە لە کوردستان و چ بۆ تەواوی گەلانی هەرێمەکە، ئەمە سەردەمێکی نائاسایی و جیاوازە، لە قۆناغەکانی داهاتوودا، چارەنووسی گەلی کورد و چارەنووسی هەرێمەکە ڕوون دەبێتەوە، لەبەر ئەمەشە کە ئێمە لە سەردەمێکی زۆر گرنگ و مێژووییداین، لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەی کە ئەمڕۆ هەیە، هێشتا ڕوون نییە کە لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکەدا تا چەند پێگە بە گەلی کورد و کوردستان دەدرێت یان نادرێت؛ چونکە ڕێگری و ئاستەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن، لەبەر ئەم هۆکارە، لەم سەردەمە مێژووییەدا ئەو شتەی کە لە هەموو شتێک زیاتر بۆ ئێمە، واتە بۆ گەلی کورد پێویستە، یەکێتیی نەتەوەییە"، لە پەیامەکەی هاوسەرۆکی کەجەکە و ئەندامی فەرماندەی نەپەگە وا هاتووە.
لەبارەی بەرەوپێشبردنی کارەکانی کەنەکە بۆ یەکێتی نەتەوەیی، بایک و قەریلان وتویانە "ئێستا ٢٧ ساڵەی کەنەکە تەواو دەبێت، بێگومان لەم ٢٧ ساڵەدا، بە گەشەپێدانی ڕۆحی یەکێتی، ڕۆحی نەتەوەیی، بە بەڕێوەبردنی خەبات لەم چوارچێوەیەدا، کەنەکە ڕەنجی زۆری داوە و پێگەیەکی بۆ خۆی درووست کردووە، بەڵام بە ڕێ و ڕێبازە کۆن و کلاسیکییەکان، ناتوانرێت ئەنجامی پێشکەوتووتر و بەرچاوتر بەدەست بهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامە بەرچاوەکان بەرجەستە بکرێن، دەبێت کەنەکەش گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات، بۆ ئەمەش، بە بڕوای ئێمە، ڕۆژەڤی سەرلەنوێ بنیادنانەوە، بۆ کەنەکە ڕۆژەڤێکی زۆر گرنگە".
جەمیل بایک و موراد قەریلان داوایانکردوە بەپەلە ئەم سێ هەنگاو کاری لەسەر بکرێت:
١- بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەییە و بۆ ئەمەش، هەوڵ و کۆششی ئێمە وەک تەڤگەر هەیە، بەڵام پێویستە ئەم هەوڵە بە ناوی کەنەکەوە زیاتر بەرفراوان بکرێت.
٢- دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتیدا ستراتیژییەکی هاوبەشی کوردی هەبێت و هەمووان بە هۆشیارییەکی دیموکراتیانەوە بەگوێرەی ئەم ستراتیژییە بجوڵێنەوە؛ واتە هیچ کەسێک هەوڵێک بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەمەدا نەدات.
٣- دەبێت لەنێوان ڕێکخراوە کوردییەکاندا بەڵگەنامەیەکی نەتەوەیی پەسەند بکرێت، بەجۆرێک، کە هیچ هێزێکی کوردی شەڕ لەگەڵ یەکتر نەکات و سیخوڕی دژی یەکتر ئەنجام نەدەن؛ واتە هیچ کەسێک نەبێتە هۆی ڕشتنی خوێنی کورد، پێویستە شەڕی ناوخۆ و دوژمنکاری لە بنەڕەتەوە قەدەغە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، هەبوونی بەڵگەنامەیەک کە لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە پەسەند کرابێت، زۆر گرنگە.
لە کۆتایی پەیاماکەیاندا جەخت دەکەنەوە کە "لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە مرۆڤ گیانی نەتەوەیی و یەکێتیی دیموکراتیکی کورد زیاتر گەشە پێبدات، بۆ ئەمەش، پێویستی بە کار و خەباتێکی چالاکتر و بەرفراوانتر هەیە، دامەزراوەی کەنەکە دەتوانێت بە هێزەوە ئەمە بەڕێوە ببات".
ئەمڕۆ، ٢٤ـەمین جڤاتی گشتی کەنەکە بە بەشداریی ٣٠٠ نوێنەر لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا دەستیپێکرد، جڤاتکە کە بە درووشمی "یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک"بەڕێوەدەچێت، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.