قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند'' پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانن بەبێ یەکدی حکومەت پێکبهێنن و حوکمڕانیی وڵات بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ئەوان ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان گرنگ نییە، بەڵکو خودی پێکهێنانی حکومەتەکە گرنگە.''
قوباد تاڵەبانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی دێڵفیدا ئاشکرای کرد کە لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیدا، لەوێش پرسیاری ئەوەیان لێکراوە کە بۆچی تا ئێستا حکومەتیان پێکنەهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ڕەخنەی لە دواکەوتنی پرۆسەکە گرت و وتی'' شەرم دەکەم لێرەم و دوای زیاتر لە ساڵێک، لە نێوان دوو حیزب نەمانتوانیوە حکومەت پێکیبهێنین".
هاوکات هۆشداریی دا لەوەی کە خەریکە ئەم پێکنەهێنانی حکومەتە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی حیزبەکەی، ڕایگەیاند'' سیاسەتی ئێستای یەکێتی ئەوەیە بەزووترین کات کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت و جەختی کردەوە کە دەیانەوێت پێکەوە ئەو هەنگاوە بنێن.'' پێشی وایە کە دەبێت لەسەر بنەمای دابەشکردنی بەرپرسیارییەتییەکان حکومەت پێکبهێنن.
لە کۆتاییدا دەربارەی ئاستی دانوستاندنەکانی نێوانیان، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر قۆناغی باشیان لەگەڵ پارتی بڕیوە و گفتوگۆی ئەرێنییان کردووە، و چەندین جاریش دووپاتیان کردووەتەوە کە یەکێتی هەمیشە ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە.