لە دەڤەری برادۆست بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تی کاسبکارێک بەسەختی بریندار بوو

سیدەکان، سپی میدیا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی حوزەیران، لە ڕووداوێکدا لە دەڤەری برادۆست، کاسبکارێکی ناوچەکە بەهۆی تەقینەوەی ماددەی تی ئێن تی (TNT) بەسەختی بریندار بوو و گەیەنرایە نەخۆشخانە.

کاروان قادر، مامی بریندارەکە، ڕایگەیاند: "برازایەکم بەناوی (حەکیم مامند قادر) تەمەن ٣١ ساڵ، کە دانیشتووی گوندی شیوەگەرمکە، لە کاتی کارکردنیاندا لە کوێستانی خوار لە دەڤەری برادۆست، ئۆتۆمبێلەکەیان بەسەر مادەیەکی تەقەمەنی لە جۆری تی ئێن تی-دا ڕۆیشتووە و پێیاندا تەقیوەتەوە."

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بریندارەکە، مامی حەکیم ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکەوە جەستەی بەسەختی بریندار بووە، بەتایبەتی زیانێکی زۆر بەر قاچەکانی کەوتووە و مەترسی لەدەستدانی پەنجەکانی قاچی هەیە.

له‌ دوای ڕووداوەکە، دەستبەجێ بریندارەکە گەیەنراوەتە بنکەی تەندروستی سیدەکان و چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی لە شاری سۆران کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست.




AM:09:59:07/06/2026