'سپی میدیا' هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لە سلێمانی و هەولێر ئاشکرا دەکات

‌ئەرشیف

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بەهمەن عەبدولقادر، لە لێدوانێکی تایبەت بە سپی میدیادا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی ئاشکرا کرد و دەڵێت "لە سلێمانی بۆ هەر جۆرێک لە بەنزین ٥٠ دینار چوەتە سەر نرخەکەی و لە هەولێریش ١٥٠ دینار".

یەک شەممە، ٧ حوزەیران ٢٠٢٦، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە سپی راگەیاند "ئەمڕۆ کاتژمێر ٤:٠٠ ـی دوای نیوەڕۆ هەرسێ جۆرەکەی بەنزین ٥٠ دینار چووەتە سەر نرخەکەیان، ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بە ١٠٠٠ دینار، موحەسەن بە هەزار و ٢٠٠ دینار و سوپەر بە هەزار و ٣٥٠ دینارە".

سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی وتی "سووتەمەنی لە ئێران گرانبووە و کەمتر دێتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێریش داناگاز و لاناز ناردنی بەنزینیان بۆ سلێمانی کەم کردوەتەوە لەبەر پێویستی هەولێر خۆی بە بەنزین، حکومەتی عێرقیش لە ئێستادا کێشەی کەمی بەنزینی هەیە و پێشتر لە باشوری عێراقەوە بەنزینمان بۆ دەهات"، هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد کە "هاتن و زیادبوونی گەشتیار و جوڵە لە سلێمانی هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیە".

وتەبێژی بەنزینخانەکان باسی لەوەشکرد کە "نزیکەی هەفتەیەکە کێشەی کەمی بەنزینمان هەیە، بەڵام هەر هەوڵدراوە چارەسەر بکرێت و ئەمڕۆ بە ناچاری نرخەکەی بەرزکراوەتەوە و رۆژ هەبووە بە زەرەر بەنزینمان فرۆشتوە، کاتێک هێج چارەسەر نامێنێت ئنجا نرخ بەرز  دەکەینەوە".

لە وەڵامی پرسیاری 'سپی' کە کەی دۆخی بەنزین ئاسایی دەبێتەوە، بەهمەن عەبدولقادر جەختیکردەوە کە "ئێمە لەسەر ئەم بابەتە هیچ زانیارییەک ناتوانین بڵێین و دیارنییە لە ئێستادا".

لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لە شاری هەولێر بەهمەن عەبدولقادر رایگەیاند "لە هەولێر بۆ هەر لیترێک بەنزین ١٥٠ دینار چوەتە سەر نرخەکەی".

رۆژانە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٥  بۆ ٦  ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.




PM:06:28:07/06/2026