فەرماندەی یەپەژە: دەبێت وەک هێزێکی سەربەخۆ لە نێو سوپای سووریادا دانمان پێدا بنرێت

فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕایگەیاند'' بەردەوام دەبن لە تێکۆشانیان لەپێناو چەسپاندنی پێگەی خۆیان وەک هێزێکی پاراستنی سەربەخۆی ژنان لە چوارچێوەی سوپای داهاتووی سووریا و دەستووری نوێی وڵاتەکەدا.''


 هاوکات ڕەتی کردەوە ڕۆڵی هێزەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا سنووردار بکرێت.

ڕۆهەڵات عەفرین، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژ نیوز ئاماژەی بەوە کرد، یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ساڵی ٢٠١٣دا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستیی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە دامەزرا.

جەختیشی کردەوە کە هێزەکانیان توانیویانە مۆدێلێکی مانادار لە خۆڕێکخستن و بەرگریکردن بچەسپێنن، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردنی متمانەی ژنان بە خۆیان و فراوانکردنی ڕۆڵیان لە بوارە جیاجیاکاندا.

سەبارەت بە دۆسیەی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق، فەرماندەی گشتیی یەپەژە ئاشکرای کرد، حکوومەتی کاتیی سووریا هێشتا هەوڵ دەدات بۆ تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە چوارچێوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (پۆلیس)دا، لە کاتێکدا یەکینەکان سوورن لەسەر داواکاریی فەرمیی خۆیان بۆ دانپێدانانیان وەک هێزێکی سەربەخۆی ژنان لە نێو سوپای سووریادا.

لە کۆتاییدا ڕۆهەڵات عەفرین ڕایگەیاند'' ژنان لە چەقی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بوون، بۆیە پێویستە سەرجەم ئەو دەستکەوتە سەربازی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، لە دەستوور و شێوازی سیستمی سیاسیی نوێی سووریادا بە ڕوونی ڕەنگ بدەنەوە.''



PM:09:47:07/06/2026