وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا وەڵامی داواکارییەکەی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دایەوە بۆ ڕاگرتنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، و سەرسوڕمانی خۆی نیشان دا کە بەرپرسێک لەو پێگەیەوە داوای بڕینی بژێوی بەشێک لە هاووڵاتییانی دەوڵەت بکات.
ئاماژەبەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی یاسای بودجە و بەڕێوەبردنی دارایی بووە و پشکی گەنجینەی فیدراڵیی ڕەوانە کردووە، بەڵام بەغدا تەنیا پارەی ١٠ مانگی مووچەخۆرانی ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ی خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا هەموو عێراق ئەو دوو مانگەیان وەرگرتووە.
بۆ ئەمساڵ، داهاتی نانەوتیی پێنج مانگی سەرەتای ساڵ (یەک تا پێنج) ڕەوانەی بەغدا کراوە، و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولاش، هەمیشە ڕێژەی %٥٠ی داهاتە نانەوتییەکان خراوەتە سەر گەنجینەی فیدراڵی.
لە مانگەکانی سێ و چواردا، داهاتی نانەوتی بەهۆی دۆخی شەڕ لە ناوچەکە و کێشەی سیستمی گومرگیی "ئەسیکۆدا" کەم بووەتەوە. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە "ئەسیکۆدا" وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری دژ بە هەرێم بەکارهاتووە. سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم سیستمە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ لە دەرکردنی بڕیاری پێویستدا سستی دەکات.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند'' پێویست بوو ئەو بەرپرسەی پەرلەمان لە بری زمانی بڕین، بەدوای چارەسەری یاسایی و دەستووریدا بگەڕایە بۆ کێشەی سەپاندنی خەرجیی ڕاستەقینەی هەڕەمەکی، و پێیان سەیرە لەو پۆستە باڵایەدا داوای پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان و بنەمای یەکسانی بکرێت.''