بە وتەی بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، تۆمارکردنی
منداڵانی خوار ١٢ ساڵ بۆ پسولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا کرا و هاوڵاتییان دەتوانن بەبێ
سەردانیکردنی فەرمانگەکان، لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی حوزەیران، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی
پسولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند؛ بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ سەر پسولەی خۆراک، پێویستە
هاوڵاتی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە پسولەی خۆراکی هەبێت، لەگەڵ بەردەستبوونی کارتی نیشتمانی
منداڵەکە.
سەبارەت بە تێچووی مامەڵەکەش، وتی: "بۆ زیادکردنی هەر منداڵێک بڕی
شەش هەزار دینار وەردەگیرێت، کە پێویستە لە رێگەی ڤیزاکارتەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی
پاداشت بکرێت."
سیامەند قادر دڵنیایی دایە ئەو هاوڵاتییانەی کە نیشتەجێی
گوندەکانن یان ڤیزاکارتیان نییە و وتی: "پێویست بە سەردانیکردنی ئێمە ناکات،
ئەو کەسانەی ڤیزاکارتیان نییە دەتوانن سەردانی بریکارەکانی خۆراک و ئارد بکەن،
چونکە هەموو بریکارەکان ڤیزاکارتی (بانکی جنووبی ئیسلامی)یان لایە؛ هاووڵاتییان دەتوانن
پارەکە بە نەقد بدەنە بریکارەکە و ئەویش لە رێگەی کارتەکەیەوە بۆیان بدات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێکاری سڕینەوەی ناوی ئەو کەسانەی
کۆچی دواییان کردووە روون کردەوە و گوتی: "هەر لە ناو ئەپڵیکەیشنەکەدا، دەچنە
سەر ناوی ئەو کەسەی کۆچی دوایی کردووە و بلۆکی دەکەن، پاشان وەک بەڵگە وێنەی وەفاتنامەکەی
سکان دەکەن و دەینێرن، بەوەش بۆ مانگی داهاتوو ناوەکە لە پسولەی خۆراک دەسڕێتەوە."
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێرباسی لەوەش کرد،
"لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بەشی جیابوونەوەی پسولەی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی
هاوسەرگیرییان کردووە و هەروەها مامەڵەی گواستنەوەی پسولە، لە ناو ئەپڵیکەیشنەکەدا
کارا دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەڵێنی داوە لە ئایندەیەکی
نزیکدا ئەو خزمەتگوزارییانەش بخاتە گەڕ."
جەختی کردەوە، هەر هاوڵاتییەک کێشەی تەکنیکی یان زانیاریی هەبێت
لە کاتی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکەدا، دەتوانێت سەردانی بەشی کۆمپیوتەری بەڕێوەبەرایەتییەکە
بکات و لەوێ ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت.