سیستەمی گواستنەوەی پاسەکانی شاری سلێمانی دەگۆڕدرێت

بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، کۆمپانیایەکی پسپۆڕی فینلەندی بە فەرمی دەست بە هەڵسەنگاندنی مەیدانی و ته‌کنیکی بۆ شەقام و ڕێڕەوەکانی پاس لە ناو شاری سلێمانیدا بکات تا سیستمی گواستنەوە بگۆڕێت.

تۆمۆ ئیلیما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دابینکردنی پاسی کارەبایی لەو کۆمپانیایە، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی پشکنینەکە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات و پاسی ئەلیکترۆنیی کوالێتی بەرز لە وڵاتی فینلەنداوە بۆ ئەم مەبەستە هاوردە دەکرێن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە قۆناغی داڕشتنی کۆتاییی پلانە کردارییەکە و دروستکردنی سیستەمە لۆجستییەکەدان تاوەکو تەواوی ئەو پاسانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن، بگۆڕدرێن.

لەسەر لایەنی فەرمی و کارگێڕی، بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، تیشکی خستەسەر گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی (بەنزین و گازوایل) کاردەکەن و بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکان، بۆیە حکومەت هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە دەکات.

لەم چوارچێوەیەدا، وەک پاڵپشتی و هاندانێک بۆ بازرگانان و کڕیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە ئۆتۆمبێلە کارەبایی و نیمچە کارەباییەکان بە تەواوی لە باجی گومرگی ببەخشێت.




PM:04:37:11/06/2026