تیمی مەلەوانی سۆران تەرمی هاوڵاتییەکی خنکاو لە زێی بچووک دەدۆزێتەوە

تیمێکی چوار کەسی لە غەواس و مەلەوانانی بنکەی پاراستنی ڕووبارەکانی سۆران، دوای چوونونیان بۆ قەزای پشدەر، توانیان لە ماوەی تەنها ١٥ خولەک گەڕاندا تەرمی هاوڵاتییەکی خنکاو لەناو زێی بچووکدا بدۆزنەوە.

ئەم هاوکارییە دوای ئەوە هات کە هاوڵاتییەکی تەمەن ٦٥ ساڵ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە زێی بچووک خنکابوو، تیمی مەلەوانی سۆران سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆ بۆ پاڵپشتیی تیمەکانی ڕاپەڕین و ڕانیە گەیشتنە شوێنەکە.

دوای دۆزینەوەی، تەرمەکە ڕادەستی تیمەکانی ڕاپەڕین کرا بۆ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ باوەشی ماڵباتەکەی.

بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوکاریی پیشەیی و مرۆیی نێوان تیمەکانیاندایە، کە لە هەر کوێیەک پێویست بێت بەبێ ڕەچاوکردنی سنووری جوگرافی، بە هانای یەکتر و هاوڵاتییانەوە دەچن.



PM:02:06:12/06/2026