ئەو گەشتیارانەی بەنزین لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن لێیان دەسێندرێت


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند" ئەو گەشتیارانەی ناوەراست و باشوری عێراق کە دێنە سلێمانی بۆ گەشتیاری و سووتەمەنی لەگەڵ خۆیاندا دەهێن، بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان لێیان دەسێندرێت ".

لە راگەیاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتووە " پاش ئەوەی تێبینمان کردبوو شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بەنزینیان بە دەبە لەگەڵ خۆیان دەهێناو لەسەر سەقف و لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکانیاندا دایان دەنا بۆ ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان، کە پاش تەواو بوونی بەنزینی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاریان دەهێنا".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " لە بەدواداچوونی مەفرەزەکانی هاتووچۆ دەرکەوت کە مەترسی لەسەر ژیانی گەشتیاران و شۆفێران و هاوڵاتییان دروست دەکات".

"لە ئەگەری روودانی رووداوێکی هاتووچۆدا ڕەنگە قەبارەی رووداوەکە گەورەتر بکات و کارەساتی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."، بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وا دەڵێت).
 
لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا هاتووە" بۆ ئەم مەبەستە لە پێناو سەلامەتی هاوڵاتییان و گەشتیاران بڕیارماندا لێپرسینەوە لەشۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەین کە سووتەمەنی زیادەیان پێیە و ئەو سوتەمەنییە زیادەیەی پێیانە لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لێیان وەردەگیرێت و پسوڵەیەکی پێ دەدرێت و لەکاتی گەڕانەوەیاندا سوتەمەنییەکەی پێ دەدرێتەوە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگایان پێ نادرێت بە سوتەمەنییەکەوە بچنە ناو شارەکانەوە".

ئەم دیاردەیە بۆ گەشتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق نوێیەو، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانیشەوە تازە ئاشکرا کراوە.




PM:09:20:12/06/2026