جێهێشتنی مۆرکێکی هونەری: دامەزراندنی کارێکی هونەری نوێ لەسەر کەناری دەریاچەی دوکان

ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق-کوردستان کارێکی هونەری نوێ جێبەجێ دەکات لەسەر کەنارەکانی دەریاچەی دوکان بۆ ڕێزلێنان لە پەیوەندیی قووڵی کوردستان بە ڕووبارەکان و سروشت و میراتی کەلتووریمان.

ئەم کارە هونەرییە شێوەی دوو بەلەمی مێژوویی ڕووباری پیشان دەدات کە لەسەر شاخێکی بەردینییەوە دەڕواننە ئاوەکە. ئیلهامەکەی لە بەلەمە کۆنەکانی وەک کەڵەک و مەشحووف وەرگیراوە و یادەوەری ئەو نەوانە دەکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ ڕووبارەکانی میسۆپۆتامیادا ژیاون و گەشتیان کردووە و مامەڵەیان تێدا کردووە.

شوێنی دانانی کارە هونەرییەکە لە سەر ئاستی ئاوەکەوە بەرزترە، بۆیە گۆڕانکاریی ئاستی ئاو لە وەرزە جیاوازەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت و وە بیرخستنەوەیەکە بۆ وشکەساڵی، باران و گۆڕانکاریی ژینگەیی.

ئەم کارە هونەرییە هاوشان بە بەرزی ئاستی ئاوی دەریاچەی دووکان دانراوە، کە لە ئێستادا هاوئاستی بەرزی بێڵ ماوسەکەیە. لە مێژوودا، ئاستی ئاوی دەریاچەکە تەنها سێ جار گەیشتووە بەو ئاستە لە ساڵانی ١٩٨٨، ٢٠١٩ و ئێستا دووبارە و خۆشبەختانە لە ساڵی ٢٠٢٦دا. کاتێک ئاستی ئاوەکە دووبارە دابەزێت، ئەم کارە هونەرییە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە وەک نیشانەیەکی هونەری و مێژوویی و دەبێتە تۆمارێکی گرنگ بۆ داهاتوو کە نیشاندەری بەرزترین ئاستی مێژوویی دەریاچەی دووکان دەبێت.

ئەم کارە لەلایەن هونەرمەند صەباح محەمەد دروستکراوە و لە لایەن تەکنیککار سیامەند محەمەد دامەزراوە و تەواوبوونی سێ ڕۆژی خایاندووە. ئەم مۆرکە هونەرییە تەنها یادەوەرییەک بۆ میراتی ڕووبارەکانی ناوچەکە نییە، بەڵکو بانگەوازێکیشە بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت بۆ نەوەکانی داهاتوو.




AM:10:31:13/06/2026