وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکدا باس لەوە دەکات لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە لە رۆژانی تاقیکردنەوەدا بریاریانداوە بە بڕینی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت.
شەممە، ١٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە نوسروەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندا هاتووە، لەپێناو کەمکردنەوەی دیاردەی گزیکردن ڕەزامەندییان لەسەر داواکەی وەزارەتی پەروەردە داوە بە بڕینی ئینتەرنێت تەنیا بۆ ٥ ڕۆژ و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەبێت لە کاتژمێر ٦:٣٠- ٧:٣٠ بەیانیی ڕۆژانی ٢٤ و ٢٨ـی ئەم مانگە و ڕۆژانی ١ و ٥ و ٨ی مانگی تەمموزی داهاتوو دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن چەندین شوێن بەدەرکراون لە بڕینی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و لە هیچ حاڵەتێکدا هێڵی ئینتەرنێتیان نابڕدرێت، لەوانەش سەنتەری هەژماری من، ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بانکەکان، فڕۆکەخانەکان، داتا سەنتەری پڕۆژەی ڕووناکی و پێوەری زیرەک و هەندێک شوێنی دیکە، کە بەگوێرەی سنووری کارکردنی کۆمپانیاکان ئاگاداریان دەکەنەوە.