تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە راپۆرتێکدا زانیاری سەبارەت بە بڕیاری سزادانی هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردوەتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە برینداری لە خۆپیشاندانەکانی کۆتاییدا دەستگیر کراوە.
شەممە، ١٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "مەهدی پاکمێهر هونەرمەندی کورد خەڵکی بۆجنوورد و لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لە لایەن هەردوو دادگای شۆڕشی ئیسلامی و تاوانی ئەو شارەوە بە گشتی سزای ٦ ساڵ زیندانی و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا".
"ئەو هونەرمەندە کوردە لە دوو دۆسییەی جیاوازدا لە لایەن داگای تاوانی دووی بۆجنووردەوە سزای ساڵێک و ٣ مانگ زیندانی و ٧٠ قامچی و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی هەمان شاریشەوە سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە کە یەک ساڵی خراوەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە، ئەو بڕیارانە بە شێوەی زارەکی بەم هونەرمەندە ڕاگەیەنراوە و تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەسەر تۆمەتەکان بەردەست نەکەوتووە"، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وا دەڵێت.
لە ٩ـی کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مەهدی پاکمێهر لە کاتێکدا قاچی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئیران بریندار بوو، هەر بە برینداری لە شوێنی کارەکەیدا لە شاری بۆجنوورد دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانە گواسترایەوە، هەروەها نزیک بە دوو مانگ بەبێ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زینداندا مایەوە و پاشان بە بارمتەی ٦ملیار تمەن و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم هونەرمەندە کوردە پێشتریش بە هۆی وتنەوەی گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەی کوردی و چالاکیی سیاسییەوە دوو جار دەستبەسەر کرابوو و ماوەیەکیش لە زینداندا مابووەوە.