بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەتەوە سەبارەت بە روداوەکەی شەوی رابردووی بنەسڵاوە کە تیایدا هاوڵاتیەک کوژرا.
شەممە، ١٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە " شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٢حوزەیرانی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە".
"دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە هاوڵاتییەک بە ناوی عبدوڵا رسول احمد، تەمەن ٥٥ ساڵ، کە پێشەی خانەنشینی پێشمەرگەیە و دانیشتووی بنەسڵاوەیە، بەهۆی تەقەکردنەوە گیانی لەدەستداوە"، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر وا دەڵێت.
پۆلیسی هەولێر دەشڵێت "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، هێزەکانی پۆلیس توانییان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە بە ناوی (م. س. س)دەستگیربکەن".
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە کە "لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار ڕێکخراوە و بەپێی (ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی) ڕاگیراوە و ڕادەستی دادگا کراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان".