سلێمانی.. لە ١٠٠ منداڵی لە دایکبوو یەکێکیان دڵی کونە


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی بۆ منداڵان و پزیشکی پسپۆڕی ورد بۆ نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان، کۆیان زاهیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە لە دایکبوونی منداڵ و نەخۆشیەکانی دڵ ئاشکرا دەکات.

یەک شەممە، ١٤ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید رایگەیاند "رۆژانە نزیکەی ١٠٠ منداڵ لە سنووری سلێمانی لەدایک دەبن و بە گوێرەی داتاکان و بوونی ئامێری پێشکەوتوو و پزیشکی پسپۆڕەوە دەرکەوێت یەکێک لەو منداڵانە دڵی کونە یان کێشەیەکی لە دڵی هەیە".

دکتۆر کۆیان زاهیر ئاماژەی بەوەشکرد کە "تاوەکو ئێستا رەنگە رێژەکە ئاسایی بێت، بەڵام دەبێت بەدوای هۆکارەکان دا بگەڕێین و چارەسەری بدۆزینەوە، ئەگەرنا رێژەکە زیاد دەکات و دواتر دەبێتە مەترسی".

لە بارەی هۆکارەکانی پشت کێشەکانی دڵی منداڵی تازە لەدایکبوو ئەو پزیشکە وتی "هۆکاری سەرەکی بۆماوەییە، هەروەها خواردنی خراپ و ژینگە و خواردنی دەرمان و چارەسەری ناتەندروست لەلایەن دایکەکەوە پێش ئەوەی منداڵەکەی لەدایک بێت، هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ ئەوەی هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرینەبەر و پێش لە زیادبوونی ئەو حاڵەتانە بگیرێت".

بەپێی رێکارە تەندروستییەکان ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن دەخرێنە شووشەوە و کاتێک دەبینن شین بوونەوەی هەیە، ئەوا پزیشکەکان دڵنیان یەکێک لە بۆرییەکانی گیراوە و دەبێت لە هەفتەیەکدا چارەسەری بۆ بکرێت، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە گیان لەدەست دەدات.




PM:02:13:14/06/2026