بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی منداڵەکەی قەندیل چاوەڕێ پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێت


بۆ پرسی گیان لە دەستدانی منداڵەکەی قەندیل، یاد سەرباز چاوەکان لەسەر پزیشکی دادی سلێمانی بۆ ئەوەی هۆکار و چۆنێتی گیان لەدەستدانەکە ئاشکرا بکات.

لە بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی " سپی " بۆ کەیسی گیان لە دەستدانی یاد سەربازی تەمەن ٣ ساڵ و ٩ مانگی بناری قەندیل لە گوندی ئێنزی، دوو چیرۆک دەگێڕدرێتەوە، یەکێکیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو منداڵە بە رووداوێکی ئاسایی کۆچی دوایی کردووەو دوای ونبوون و نە دۆزرانەوەی، گیانی لە دەستداوەو دواتر گیانداری کێوی تەرمەکەیان شێواندووە.

بۆچوونێکی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم منداڵە لەلایەن کەسێکەوە رفێندرابێت و دواتر کوژرابێت و فڕێداربێت.

شایەتحاڵێک کە لەکاتی دۆزینەوەی تەرمەکەیدا ئامادە بووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یاد سەرباز لە پشتی گوندی ئێنزێوە دۆزراوەتەوە کە شوێنێکی تا رادەیەک بەرزەو، ئەو رۆژەش کە کیوماڵی ناوچەکە کراوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی زیاتر خەڵکەکە دەشتایەکەی باشوری گوندەکەی گەڕاون.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گیان لە دەستدانی ئەو منداڵە پێناچێت تاوان بێت و تەنها رووداوێکی راگوزەرە، پاشئەوە منداڵەکە نەدۆزراوەتەوە، یان لە بەرس و توینوێتیدا مردووەو گیانی لەدەستداوەو گیانداران تەرمەکەیان شێواندووە، یان پێش گیان لە دەستدانی گیانداران خواردوویانە.

لەلایەکی ترەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرباز باوکی یاد وتی" ئێستا چاوەڕێی دەزگا ئەمنییەکان و دادی پزیشکیی سلێمانین تاوەکو ئەنجامی کۆتاییمان پێ بدەن، ئەو کاتە بابەتەکە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روون دەبێتەوە". 

یاد تاقانەی خێزانێکە کە چوار خووشکی هەیە، دووەم رۆژی چەژن چوون بۆ سەردانی ماڵی باپیر و خزم و کەسورکاریان لە گوندی ئێنزێ و لەوێ ونبووەو دوای ١٥ رۆژ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. 




PM:05:25:14/06/2026