نەخۆشخانە تایبەتەکان پابەند دەکرێن بە وەرگرتنی حاڵەتی فریاکەوتن و بریندارەوە


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی حاڵەتە لەناکاوەکان و فریاکەوتنەکان و بریندارەکان لە "نەخۆشخانە گشتی تایبەتەکان".

یەک شەممە، ١٤ حوزەیران ٢٠٢٦،  لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەکاتی ڕەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بە تایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن و باری ناجێگیر و چاودێری چڕ، وەزارەتی تەندروستی جەخت لە بڕیارێک دەکاتەوە کەوا پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بە ئەرکی وەرگرتنی نەخۆش هەڵبستێت و دەستبەجێ کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدات".

"نابێت نەخۆش ڕەتبکرێتەوە یان وەرنەگیرێت بەبیانووی نەبوونی شوێن یان نەبوونی چاودێری چڕ یان بەبیانووی ئەوەی کەوا نەخۆش لەباری بێ ئومێدی و بێ هیوایی چارەسەر دایە یان هەر بیانووێکی دیکەی وەک نەبوونی خەرجی پێویست"، وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بەوەشکراوە "لەکاتی هەرکێشەیەکدا پێویستە ڕەچاوی مافی نەخۆش بکرێت و چارەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسای بەرامبەر سەرپێچیکاران وەردەگیرێت".

ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی هەرچەندە ئاماژە بە هیچ سەرەداوێک بۆ روداوی "شەهیکردنی غەزاڵ موڵان" نەکراوە، کە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا دوای ئەوەی لە کەمپی سورداش بەهۆی بۆردومانی ئێرانەوە برینداربوو، لە نەخۆشخانەی بەخشین (نەخۆشخانەیەکی تایبەتە) وەرنەگیرا و چارەسەری برینەکەی نەکراو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و لە دوای روداوەکەش کاردانەوەی بەدوادا هات. 

وێنەی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی:






PM:06:07:14/06/2026