کەنەکە نیگەرانیی توند لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دەردەبڕێت

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەرکراوە، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی سەدان گەنجی کۆچبەری کورد لە لیبیا لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە دەربڕی؛ هاوکات داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفافی نێودەوڵەتی و دەستبەجێ ڕزگارکردنیان دەکات.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییە نێودەوڵەتییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی کورد لە لیبیا کەوتوونەتە دەست گرووپە تاوانبارەکان و تۆڕەکانی قاچاخی مرۆڤ، کە تێیدا ڕووبەڕووی پێشێلکاری جۆراوجۆر، داواکردنی پارە و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە. کەنەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ئەم تۆمەتانە لەلایەن لیژنە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست بکرێنەوە، دەبێت سەرجەم تاوانباران ڕادەستی دادگا نێودەوڵەتییەکان بکرێن.

لە پەیامەکەیدا، کەنەکە داواکارییەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیساریای باڵای پەنابەران (UNHCR)، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە زووترین کات پلانێکی خێرا و تایبەت بۆ ڕزگارکردن، پاراستن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانە دابڕێژن کە لە لیبیا و ڕێگاکانی کۆچدا گیریان خواردووە.

له کۆتاییدا، کۆمیسیۆنەکە ڕووی دەمی کردە گەنجانی کوردستان و ڕایگەیاند، هەرچەندە لە هۆکارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پشتی کۆچکردن تێدەگەن، بەڵام ڕووداوەکانی لیبیا سەلماندیان کە تۆڕەکانی قاچاخچێتی چاوپۆشی لە کەرامەت و ژیانی مرۆڤ دەکەن. بۆیە داوای لێکردن هۆشیار بن و ڕێگەی یاسایی بگرنەبەر، هاوکات داوای لە حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان کرد کە هۆکارەکانی کۆچی ناچاری چارەسەر بکەن و زەمینەیەکی شایستە بۆ ژیانی گەنجان لە ناوخۆی وڵاتدا دابین بکەن.



PM:09:04:14/06/2026