ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشمەرگەیەک لە چیای ڕۆڵە لە سنووری گوندی دەرگەڵەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە شاخ هەڵدێرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند'' بەپێی زانیارییەکانی هاوڕێ پێشمەرگەکانی، ئەو پێشمەرگەیە مێش هەنگوین (مێش هەنگ)ـی دۆزیوەتەوە و کاتێک چووە بۆ هێنانەوەیان، لە شاخەکە هەڵدێراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.''
وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکەی دەهێننەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران، بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا پێش هەڵدێرانی تووشی جەڵتە بووە یان بەهۆی کەوتنەکەوە گیانی لەدەستداوە.