بەغدا و هەولێر لەسەر پلانێکی ئەمنی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان ڕێککەوتن

شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سوپاسالاری عێراق و بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا ڕێککەوتن کرا لەسەر داڕشتنی پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزە، بە ئامانجی زەمینەخۆشکردن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. هاوكات هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی کاری هاوبەشی نێوان سوپا و پێشمەرگە کردەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند'' لەم کۆبوونەوانەدا ڕێککەوتنێکی فەرمی کراوە لەسەر داڕشتنی چەند پلانێکی ئەمنیی تۆکمە و هاوبەش بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بەو بەئامانجگرتن و هێرشانەی کە لەم دواییانەدا دەکرانە سەر ژێرخانی وزە.''

ئەم هەنگاوەش وەک زەمینەخۆشکردنێکە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بوژانەوەی ئابووریی گشتیی وڵاتدا.

لەلای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی ئەم هەماهەنگییە توندوتۆڵەی نێوان بەغدا و هەولێری کرد و هەناردەکردنەوەی نەوتی بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بوژانەوەی وڵات ناوبرد. لایەنی سەربازیی عێراقیش دووپاتیان کردەوە کە ئاسایشی دامەزراوە نەوتییەکان هێڵی سوورە و بەشێکە لە سەروەریی نەگۆڕی وڵات کە هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت.



AM:12:07:15/06/2026