نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان واشنتن و تاران دەردەبڕێت و هیوا دەخوازێت ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە فەرمی پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەنگاوە کرد وەک وەرچەرخانێکی سیاسی لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە نیازپاکی کار بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بکەن. نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی سەقامگیری، ئاسایش و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ناوچەکە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئه‌وپه‌ڕی پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو لایەن و وڵاتانە دەربڕی کە ڕۆڵیان لە ئاسانکاری و پشتگیریکردنی ئەم پڕۆسەیەدا هەبووە. بارزانی ئەم ڕێککەوتنەی وەک دەستکەوتێکی گرنگ وەسف کرد کە پێویستی بە پشتیوانی هەموو لایەک هەیە بۆ سەرکەوتنی بەردەوام.




AM:10:21:15/06/2026