بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، بگاتە بەغدا و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەرێم کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دۆسیەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان و پرۆسەی دانانی چەک لەلایەن ئەو گرووپانەی ئامادەییان نیشانداوە، لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکانی باراک لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا دەبێت. هەروەها پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق و ئامادەکاری بۆ سەردانی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتنیش لە ئەجێندای ئەم دیدارانەدایە.
لە هەمان کاتدا، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن هەوڵ دەدات هەژموونی تاران لە عێراق کەم بکاتەوە و پشتیوانی لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان بکات. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، ئاژانسی ئەلمۆنیتۆر ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی ئابوورییە لە نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیایە، هەروەها دڵنیابوونەوە لە سنووردارکردنی میلیشیاکان پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا.
باراک دوای بەغدا ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم زیاتر لەسەر بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، بە تایبەتی لە دۆسیەکانی نەوت، داهاتەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەم بابەتانە لە ماوەی ڕابردوودا بوونەتە هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان دوو لایەنەکە.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە گرنگترین پێشهاتەکانی ئەم سەردانە چاوپێکەوتنی تۆم باراک لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەولێردا دەبێت. ئەم کۆبوونەوەیە دوای دیدارەکەی باراک لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دێت و بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا و ئەنقەرە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە پڕکردنەوەی بۆشاییە سەربازییەکان لەلایەن ئێران یان هاوپەیمانەکانی.