ئەندامی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، کامەران عوسمان زانیاری سەبارەت بە رێگری سوپای تورکیا لە خەڵکی ٢١ گوندی سنوری زاخۆ دەکات کە ٦ ساڵە لە گوندەکانیان دەری کردوون.
دوو شەممە، ١٥ حوزەیرانی ٢٠٢٦، کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایگەیاند "لە ڕۆژی ١٠ی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا لە زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری 'سندی و گولی' یان کرد کە دەتوانن لە ١٥ی حوزەیراندا بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان کە ماوەی ٦ ساڵە سوپای تورکیا داگیریکردوون و خەڵکەکەیانی ئاوارە کردوون".
"سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) و گوندەکانی گەلی پساغا(بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و ١١ گوندی تر، بۆ سەردانیکردنی گوندەکانیان دەکەونەڕێ. کاتێک دەگەنە، گوندی شەرانشی سەروو، دەبینن کە سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە داناوە"، کامەران عوسمان وا دەڵێت.
ئەو ئەندامەی رێکخراوە ئەمریکیەکە باسی لەوەشکردوە "گوندنشینە گەڕاوەکان لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن و پێیان وتوون بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانتان. لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە دایە و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە".
لە ساڵی ٢٠٢٠ و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری داگیرکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانی هەزار و ١٩٢ گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وابوو کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا گوندنشینان ڕێگەیان پێ نەدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.