بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان، د. سەیوان فەرەج لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە وەڵامی ئەو سێ پرسیارەی وانەی زیندەزانی پۆلی ١٢ ئاشکرا دەکات کە دەوترێت وەڵامەکانی وەزارەت هەڵەی تێدابووە.
سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان رایگەیاند "پرسیارەکان لە رێگای بانکی پرسیارەکانەوە لە سەرانسەری کوردستان لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕەوە دادەنرێن و چەندین قۆناغی وردبینییش دەبڕن، بەڵام ئاگاداری بوونی گومانن لەسەر ئەو ٣ پرسیارە".
"ئێمە چەند مامۆستایەکی پسپۆڕ لە هەولێر و سلێمانییەوە رادەسپێرین بۆ ئەوەی دووبارە بە وردی پێداچوونەوە بەو پرسیارانەدا بکەنەوەئەگەر بۆمان سەلمێندرا کە وەڵامەکانی وەزارەت هەڵەن، بێگومان پێداچوونەوە دەکەین، یان پرسیارەکان یانیش وەڵامەکان بەو شێوازە دەگۆڕین کە لە بەرژەوەندیی خوێندکاراندا بێت و قەرەبوویان دەکەینەوە"، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان وا دەڵێت.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان دڵنیایی دەداتە خوێندکاران و وتی "دەزانین گرفتێکی لەو شێوەیە هەیە، هەر بۆیە ئەمشەو کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدەین و قسەی لەسەر دەکەین، بۆئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت".
دوای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی بۆقۆناغی ١٢ زانستی لە رۆژی یەکشەممەدا، ناڕەزایەتی و گومان لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە لەسەر چەند پرسیارێک دروستبووە. خوێندکاران دەڵێن، وەڵامە بڵاوکراوەکانی وەزارەت لەگەڵ دەقی کتێبەکەدا یەکناگرنەوە.
پرسیارەکانی ١٨، ٢٤، ٣٩ لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانیدا کێشەی زانستییان تێدایە و زیاتر لە وەڵامێکی راستیان هەیە.