شاندی ئیمراڵی: سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی یاسایی لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوینەوە

‌وێنەیەک لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

شاندنی ئیمراڵی دوای کۆبونەوەکەی ئەم ئێوارەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "جەختمان لە پێویستیی دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە بەر لە دەستپێکی پشووی پەرلەمان کردەوە".

سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا هاتووە "بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونەکانی پەیوەست بە هەنگاوە یاساییەکان لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبووینەوە، تەوەری سەرەکیی دیدارەکە، ئەو قۆناغەیە کە یاسای چوارچێوەی پێ گەیشتووە کە ڕای گشتیش لە نزیکەوە چاودێریی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا، ڕاوبۆچوونی شاندەکە، چاوەڕوانییەکان و ئەو هۆکارانەیان باسکردووە کە جەخت لە پێویستیی دەرکردنی یاسای چوارچێوە دەکەنەوە، بەر لەوەی پەرلەمان بجێتە پشووەوە.

"سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەکرد هەمان بۆچوونی هەیە لەبارەی پێویستیی دەرچوونی یاسای چوارچێوە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە و جەختی لەوەکردەوە، تا کۆتایی لە هەوڵەکانی لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت"، شاندی ئیمراڵی وا دەڵێت.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە، هاوڕایی لەبارەی پێویستیی هاویشتنی هەنگاوی خێرای بەرجەستە سەبارەت بە دەرکردنی یاسای چوارچێوە و ئەو ڕۆڵەی پەرلەمان لەو بابەتەدا دەیگێڕێت، جێگەی بایەخ و گرنگین".




PM:08:38:16/06/2026