ئەمڕۆ شاندێكی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا بکات.

ئەمڕۆ ١٧ی حوزەیران شاندێکی هونەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات و سبه‌ی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە و رێکەوتنی سەرەتایی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکرێت.

هەر سەبارەت بەو پرسە سامر قاسم بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، راگەیاند؛ هەماهەنگی تەواو و لێكگەیشتنی باشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە ناوەندە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.

هەروەها دەڵێت: چوار نووسینگەی گومرگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور هەیە، ئەم رێكارانە كاتین بۆ پاراستنی دادپەروەریی لەنێوان بازرگانەكان. جەختی كردەوە، دوای جێبەجێكردنی سسیتمەكە بازگەكان هەڵدەگیرێن و دەروازە نافەرمییەكان دادەخرێن.

دەشڵێت: دەستە رۆڵی سەرەكی لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر هەبووە ئەمەش لە رێگەی بەستنەوەی حەواڵە داراییەکان بە راگەیاندنی گومرکی پێشوەختە و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، ئەمەش هاوكاربووە لەرێگریكردن لەچوونە دەرەوەی دراوی قورس بەبێ هاتنەناوەوەی کاڵای راستەقینە. هەروەها دووپاتی كردەوە ئەگەر سیستمەكە جێبەجێ بكرێت رایكردنی مامەڵەكان لەماوەی ٢٤ چوار كاتژمێر تەواو دەكرێن.





AM:09:06:17/06/2026