ئێران چەکدارانی قاعیدە لەژێر ناوێکی نوێدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر دەکات

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنی و میدیاییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی نوێدا، بەشێک لە چەکدارانی قاعیدەی لە سنووری پاکستانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواستووەتەوە. ئامانجی تاران لەم هەنگاوە، لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد و دروستکردنی پێکدادانی ناوخۆییە لە ڕێگەی پێکهێنانی گروپێکی سەلەفیی جیهادی بە ناوی "نەوەکانی سەڵاحەدین".

سەرکردایەتی و پشتیوانیی گروپەکە

ئەم گروپە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (عەبدوڵڵا مەلا عەلی) سەرکردایەتی دەکرێت. چەکدارەکانیان لە چەند ڤیدیۆیەکدا ئاڵای کوردستان دەسوتێنن و ئۆپۆزسیۆنی کورد بە هاوکارییکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن. ماڵپەڕی (Darkamazi)بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە ئێران پشتیوانی لۆجستی و پەناگەی ئارامی بۆ سەرکردەکانی قاعیدە دابین کردووە و کارئاسانی بۆ چوونە ناوەوەشیان بۆ سووریا کردووە.

شوێنی جێگیربوون و ئامانجەکان

چەکدارەکان لە دەوروبەری شارەکانی (سەقز، مەهاباد، سەردەشت، بانە و سنە) جێگیرکراون، کە ناوەندی سەرەکیی جوڵانەوەی کوردن. ئامانج لێی دروستکردنی دڵەڕاوکێ، بەئامانجگرتنی چالاکوانان و هێرشکردنە سەر بارەگای پارتە کوردییەکانە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. چاودێران دەڵێن هەرچەندە گروپەکە بچووکە، بەڵام ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانی دیکەیەوە گەورەی کردووە بۆ ئەوەی وەک بەرەیەکی ناڕاستەوخۆ دژی کورد بەکاریبهێنێت.

کارتی ئایین و هۆشداریی چاودێران

هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، مۆدێلێکی نوێی هێزەکانی (بەسیج) بە جلوبەرگی کوردییەوە و لەژێر ناوی "پێشمەرگەی موسڵمان" لە شەقامەکاندا دەرکەوتوون، کە وەک بەکارهێنانی کارتی ئایین بۆ مەرامی سیاسی لێکدەدرێتەوە.

لە کۆتاییدا، چاودێرانی سیاسی ئەم دۆخە بە دروستکردنی (حزبوڵڵای باکوور) لە ساڵانی نەوەدەکان دەشوبهێنن و هۆشداری دەدەنە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات کە بێدەنگی لەم قۆناغەدا هەڕەشەیەکی گەورەیە و پێویستیان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە.




AM:10:16:17/06/2026