لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سێ تەوەر تاوتوێ دەکرێت

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێنجەمین جار لەمساڵدا کۆدەبێتەوە و سێ پرسی گرنگ و پەیوەست بە بژێوی و مافە داراییەکانی هاونیشتمانیان دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.


لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پلانی ساڵانەی حکومەتی فیدراڵ بۆ کڕینەوەی گەنم و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو گرفتانەی لەم پرۆسەیەدا دروست دەبن.

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پرسی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات. ئەم بڕیارە تەنیا ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کە مەرجە یاساییەکانی تایبەت بە تەمەن و ساڵانی خزمەتیان تێدایە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ ئەنجام بدرێت.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکی مانگانە. حکومەت تاوتوێی بڕیارێک دەکات بۆ ڕاگرتنی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی کە داهاتی مانگانەیان بەرزە. ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک تەنیا ئەو هاونیشتمانیانە بگرێتەوە کە خاوەن داهاتی سنووردارن و پێویستیان بە هاوکاریی حکومەت هەیە.




AM:10:57:17/06/2026