سەرکردەیەکی کەجەکە: پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بەرەو بنبەست دەڕوات

سه‌رکرده‌یه‌كی دیاری کەجەکە هۆشداری دا کە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بەرەو بنبەست دەڕوات و ئەنکەرە تەنها بەدوای چەکدانانی بێ مەرجی پەکەکەیە.

سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی قەندیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتاڵیایی Avvenire ڕایگەیاند" کە، سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک و چوار مانگ بەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئاشتییانە، دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پێشبردنی پرۆسەی ئاشتی نەناوە".

بەپێی وتەکانی ئۆک، ئەنکەرە پرۆسەی ئاشتی وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردن و چەکدانانی بێ مەرجی لایەنی کورد بەکار دەهێنێت و هێشتا دۆسیەی پەکەکە لە چوارچێوەی «تیرۆر» دەبینێت، نەک وەک کێشەیەکی سیاسی.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاشتی سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک لایەنی سەرەکیی دانوستان قبوڵ نەکرێت و مەرجی کارکردنی ئازادانەی بۆ دابین نەکرێت.

ئۆک لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە، هەرچەندە لە ئێستادا ئاگربەستێکی نافەرمی لەنێوان دوو لایەن هەیە، بەڵام سوپای تورکیا هێشتا چاودێری، جموجۆڵی سەربازی و چالاکیی هەواڵگریی خۆی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام پێدەدات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان ئەنکەرە و پەکەکە بەهۆی جیاوازی لەسەر مەسەلەی چەکدانان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. تورکیا داوای چەکدانانی بێ مەرجی پەکەکە دەکات، بەڵام پەکەکە دەڵێت پێش دابینکردنی چوارچێوەی یاسایی و متمانەی سیاسی، ئامادەی دانانی چەکەکانی نییە.



AM:11:55:17/06/2026