ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵا لە دژی مەسرور بارزانی تۆمار دەکەن

ژمارەیەک مامۆستا، فەرمانبەر و خانەنشینی هەرێمی کوردستان، لە دژی ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایان لە دژی مەسرور بارزانى تۆمارکرد.

لەمبارەیەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، پەرلەمانتارى فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کە خۆی بەشدارى لە تۆمارکردنى سکاڵاکە کردووە ڕاگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستا، فەرمانبەر و خانەنشین لە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان بە تایبەت وەستاندنی پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچە سکاڵای یاساییان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە دژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.

تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی نزیکەی ١٠ سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی موچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەشێکیان یەکخران و بڕیاریان لێدرا، ئەوانی دیکەش لە تەمموزی ٢٠٢٥دا بەهۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕایگەیاند سکاڵاکان لە تایبەتمەندی ئەوان نییە بڕیاریان لەبارەوە نەدرا.

لە ساڵى ٢٠١٦ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران وەستاوە و سەرەمووچەش ساڵێکە ڕاگیراوە.




PM:05:09:18/06/2026