ناتانیاهۆ: لە باشووری لوبنان ناکشێینەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە تا ئەو کاتەی پێویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل وا بخوازێت.

ئەمڕۆ ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران جەختی کردەوە و وتی: "تا ئەو کاتەی من سەرۆکایەتی حکومەتی ئیسرائیل بکەم، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ناوەکی."

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لەبەردەم کۆمەڵێک قەیرانی دیکەدایە کە پێویستی بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان هەیە، لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانیان.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تاوەکوو ئەو کاتەی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بە تەواوی پارێزراو نەبێت ئامادە نین لە باشووری لوبنان بکشێنەوە.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان، سەرەڕای ئەوەی واشنتن و تاران رایانگەیاندووە، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە، کە بەرەی لوبنانیش دەگرێتەوە و جەخت لەسەر راگرتنی کارە سەربازییەکان دەکاتەوە.




PM:06:14:18/06/2026