بەشەخۆراکی بەشێک لە هاوڵاتیان دەبڕدرێت


بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، سیامەند قادر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ بڕینی بەشەخۆراکی ئەو هاوڵاتیانەی مووچەیان لەسەرو ملیۆنێکەوەیە بڵاوکردەوە.

پێنج شەممە، ١٨ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند "لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بڕیاردراوە هەر هاوڵاتییەک مووچەکەی لە ملیۆنێک زیاتربێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت، بە هەموو ئەو مادە خۆراکییانەی مانگانە دابەش دەکرێت".

سیامەند قادر ئاماژەی بەوەشکردوە "تەنیا بەشەخۆراکی سەر خێزان نابڕدرێت بەڵکو تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دەبڕدرێت".

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا پاسەوانانی سنوور ئەم بڕیارەیان گرتووەتەوە.




PM:08:56:18/06/2026