لە بارەی نامە گۆڕینەوەکانی لەگەڵ کچێکدا عەبدولەتیف سەلەفی روونکردنەوە دەدات

‌ئەرشیف، عەبدولەتیف ئەحمەد

دوای ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆ دووەمینجار دوێنێ نامەی  عەبدولەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی لەگەڵ کچێکدا بڵاودەکرێتەوە، ناوبراو ئەم بەیانییە روونکردنەوەیەکی نووسیوە و ئەو نامانە رەت دەکاتەوە و دەڵێت "لەلایەن کەسانی نەخۆش و لە خوا نەترسەوە" ئەو کارە کراوە.

هەینی، ١٩ حوزەیران ٢٠٢٦، لە روونکردنەوەکەدا عەبدولەتیف ئەحمەدا هاتووە "ئەو پروپاگەندە وتۆمەتە ناڕەوایانەی کە باس دەکرێن، لە لایەن کەسانی نەخۆش ولەخوا نەترس؛ هەڵبەستراون و ناڕاستن و هیچ گوزارشتێک لە ئێمە ناکەن، وە لە ڕووی شەرعی و یاساییشەوە هیچ بەها و پێگەیەکیان نییە".

ئەو کەسایەتییە ئاینە دیارەی رەوتی سەلەفی جەخت دەکاتەوە کە "ئەم چەواشەکارییانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بەردەوامیی کار و پەیامی ئێمە نابێت، وەئەوانەش کە لەهەوڵ وپیلانیگێڕیدان بۆ شکاندنی بانگخوازان با چاوەرێی تۆڵەی خوای گەورە بن".

لە سەرەتای هەفتەی رابردوو دیمەنێکی تۆمارکراو لە شاشەی مۆبایلێکەوە کە نامە گۆڕینەوەی ناوبراو بوو لەگەڵ کچێکدا کە بەپێی نامەکان خوێندکاری خۆیەتی لە بەشی شەریعەی زانکۆی سلێمانی و دوێنێش (پێنج شەممە) بەهەمان شێوە بەشی دووەمی نامەکەن بڵاوکرایەوە.

لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی نامەکاندا (بەشی یەکەم) عەبدولەتیف ئەحمەد نامەکانی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە رێگای "زیرەکی دەستکردەوە" ئەو کارە ئەنجامدراوە، دوا بەدوای پەیامەکەی کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە وا خۆی ناساند کە ئەو نامانە راستین و لە لایەن ئەوەوە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێت "چەندین جار ئاگادارم کردەوە، کەچی بێ منەت و لوتبەرزانە وەڵامی دەدامەوە"، وە ئەمە دووەمین روونکردنەوەی عەبدولەتیف ئەحمەدە.

لە نامەکاندا عەبدولەتیف ئەحمەد باسی خۆگۆڕین و چوونەوە دەرەوە و سەردانیکردنی باخەکەی لەگەڵ ئەو کچەدا دەکات کە قسەی لەگەڵ دەکات.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بەهەمان شێوە چەند نامەیەکی دیکەی عەبدولەتیف ئەحمەد بڵاوکرایەوە لەگەڵ خوێندکارێکی خۆیدا و لە دواتردا کوڕێک کە ئاشکرایکرد لەلایەن عەبدولەتیف ئەحمەدەوە دەستگیرانەکەی لە دەستداوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا کردوە کە دەستگیرانی ئەو کوڕەبووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم نامانە کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردوە و تا ئێستا زانکۆی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو بابەتە بڵاو نەکردوەتەوە. 

دەقی روونکردنەوەکەی عەبدولەتیف ئەحمەد: 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەوانەی لە خوا دەترسن و باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی هەیە
 بسم الله الرحمن الرحیم
 ئەو پروپاگەندە وتۆمەتە ناڕەوایانەی کە باس دەکرێن، لە لایەن کەسانی نەخۆش ولەخوا نەترس؛ هەڵبەستراون و ناڕاستن و هیچ گوزارشتێک لە ئێمە ناکەن، وە لە ڕووی شەرعی و یاساییشەوە هیچ بەها و پێگەیەکیان نییە. {سُبْحَانَكَ هَٰژَا بُهْتَانٌ عَڤِیمٌ} وەبە پشتیوانی خوای گەورە، ئەم چەواشەکارییانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بەردەوامیی کار و پەیامی ئێمە نابێت، وەئەوانەش کە لەهەوڵ وپیلانیگێڕیدان بۆ شکاندنی بانگخوازان با چاوەرێی تۆڵەی خوای گەورە بن {ۆڵا ێحِیقُ الْمَكْرُ السَّیِّئُ إِلَّا بِأَهْلِهِ}.

دكتور عبداللطیف أحمد ١٩/٦/٢٠٢٦م.




AM:09:43:19/06/2026