پەروین بوڵدان: ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت یاسای پڕۆسەی ئاشتی لە ٥ ڕۆژدا دەردەچێت

پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەدا و ڕایگەیاند'' ئەگەر ئیرادە و ویستی سیاسی هەبێت، دەرکردنی یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کارێکی زۆر نییە و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو دەبێت.

بوڵدان هۆشداریشی دا کە هەرچەندە پڕۆسەکە کاتی زیاتر بخایەنێت، مەترسییەکانی سەرکەوتنی زیاتر دەبن، بەڵام دەرکردنی یاساکە نەخشەڕێگاکە دیاری دەکات و پڕۆسەکە زۆر خێرا دەکات.

سەبارەت بە وردەکاریی یاساکە، پەروین بوڵدان ڕوونی کردەوە کە باس لە یاسایەکی چوارچێوە دەکرێت کە تەنیا ٧ بۆ ٨ ماددە لەخۆ دەگرێت، و ئەگەر دوو ڕۆژ لە لیژنەکاندا کاری لەسەر بکرێت و دواتر بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان، لە ماوەی ٥ ڕۆژدا هەموو کارەکانی کۆتایی دێت.

هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد و ڕایگەیاند کە کورتوڵموشیش هاوڕایە کە دەرکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە پێش پشووی پەرلەمان، خزمەت بە تورکیا دەکات؛ وتیشی'' هەرچەندە هێشتا ئەنجامێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام من گەشبینم و ئەمجارە ڕەنگە ئاسانتر بێت."

لە کۆتاییدا، ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی جەختی لەسەر پێویستیی ناوەندیی هاویشتنی ئەم هەنگاوە پێش پشووی پەرلەمان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل نادیارن، هاوکات لە ناوخۆی تورکیاشدا کەسانێک هەن کە دەیانەوێت پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبێت، بۆیە هەر دواکەوتنێک مەترسییەکان بۆ سەر پڕۆسەی ئاشتی زیاتر دەکات.



PM:02:12:19/06/2026