لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا دوو ڕووداوی خنکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک تۆمارکران، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی گەنجێک و مێردمنداڵێک.
لە ڕووداوی یەکەمدا، بەڵێن کامیل کە کاپتنی یاری لەشجوانییە و تەمەنی ٢١ ساڵانە، لە قەزای بازیان کاتژمێر ٩ی بەیانی دوای ئەوەی بە مەبەستی ڕاوەماسی دەچێتە سەر ئاو، پێی دەخلیسکێت و دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە.
هەرچەندە هاوڕێکانی لەو کاتەدا هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ڕزگارکردن و دەرهێنانی لە ئاوەکە، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوور نابێت و گیان لەدەست دەدات.
لەلایەکی دیکەوە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، مێردمنداڵێکی بە نەتەوە عەرەب لە گۆماوێکی گوندی چاڵاوی سەر بە ناحیەی ناوشوان خنکا. دابان حەسەن، ئەو کەسەی کە تەرمی مێردمنداڵەکەی دۆزیوەتەوە ڕایگەیاند'' ئەو مێردمنداڵە دانیشتووی گوندی چاڵاو بووە و کاری شوانکاری کردووە، و بە مەبەستی خۆفێنککردنەوە ویستوویەتی لەو چاڵاوەدا مەلە بکات کە بۆ گلدانەوەی ئاو بەکاردێت، بەڵام بەهۆیەوە خنکاوە.''
تەرمی ناوبراو دوای دوو کاتژمێر لە خنکانی دۆزرایەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کرا.