کەسوکاری منداڵە ونبووەکەی بناری قەندیل، یاد سەرباز لە روونکردنەوەیەکی نوێدا دەڵێن" بڕیارمانداوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە خەم وسۆراغی ئەو منداڵە جوان و چاوگەش وبێتاوانە لە ئەستۆماندایە".
رۆژی شەممە ٢٠ حوزەیران ( خزمان وڕیشسپیانی گوندی ئێنزێ وکۆیلێ ) لە بناری قەندیل لە روونکردنەوەیەکی نوێدا ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵکی هەردوو گوند سۆراغی چارەنووسی ئەو منداڵە دەکەن"، هاوکات جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینی DNA دەکەن.
لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە " دەمانەوێت، بەناوی هەردوو بنەماڵەو خزمانی هەردوو گوند، جارێکی دیکە سوپاسی پەرۆشی وخەمخۆری هەموو لایەک بکەین سەبارەت بە ونبوون ودیارنەمانی کاکە یاد سەرباز، دوای دوو دانیشتن دەست لەناو دەست پێکەوە هەردولامان بڕیارمانداوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە خەم وسۆراغی ئەو منداڵە جوان وچاوگەش وبێتاوانە لە ئەستۆی هەردوولاماندایە".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووشە" سوپاسی لایەنەکانی دەزگا ئەمنی وئاسایش دەکەین، ئەگەرچی هەردولامان بە ئومێدی ئەوەین کاکە یاد سەرباز لەژیاندا مابێت وسەلامەت بێت، بەڵام دەمانەوێت دووپاتی بکەینەوە؛ بەڵێنتان پێدەدەین کەوا ئێمە (خزمانی هەردوو گوند، ئێنزێ وکۆیلێ) کۆڵنادەین وبێدەنگ نابین لە کەیسی ونبوونی منداڵەکەمان، لەهەمان کاتیشدا بەڵێنمانداوە هەرکەسێک بێت دەستی هەبێت لەو کەیسەدا دیسان ڕووبەڕووی یاسای دەکەینەوە".
لەبارەی روونکردنەوەکەیان بۆ رای گشتی خەڵکی ئەو دوو گوندە دەڵێن" بە هەموو کوردستان ڕادەگەیەنین، کە ئێمە چاوەڕێی پزیشکی دادی و دوایین ئەنجامی پشکنین و DNA دەکەین".
یاد تاقانەی خێزانێکە کە چوار خووشکی هەیە، دووەم رۆژی چەژن چوون بۆ سەردانی ماڵی باپیر و خزم و کەسورکاریان لە گوندی ئێنزێ و لەوێ ونبووەو دوای ١٥ رۆژ تەرمی منداڵێک کە هەر پارچەی لەشی لە چەند شوێنێکی باکوری گوندی ئێنزێ دۆزرایەوە، گومان دەکرێت جەستەی یاد سەرباز بێت، بەڵام تا ئێستا کەسوکارەکەی چاوەڕوانی پزیشکی دادی سلێمانین تا ئەنجامی یەکلاییکەرەوەی پشکنینەکانیان رابگەیەنن.
وێنەی کەسایەتییەکانی هەردوو گوندەکە..