لیژنەی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش بەکردەییکردنی ئەو نەخشەڕێگایە بوو کە لەسەری ڕێککەوتبوون.
هەردوولا هاوڕابوون کە شپرزەیی نێوماڵی کورد، دابڕانی لایەنەکان و فەراغی دارایی و حکومی لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نین، و بەرپرسیارێتیی گەورەش دەکەوێتە ئەستۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
هەردوولا کۆدەبنەوە بۆ دانانی پلانێکی هاوبەش بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی دیاردە نامۆکان و پارێزگاریکردن لە شوناسی ئاینی و نەتەوەیی.
ئاماژەبەوەشکراوە، زانایانی هەردوولا کۆببنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش لەپێناو پەروەردەکردنی کۆمەڵگە لەسەر بیروباوەڕی ئیسلامیی هاوسەنگ.
هەردوو ڕێکخراوی خێرخوازیی (بەخشین) و (هانا) کۆببنەوە بۆ داڕشتنی پلانێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە چین و توێژە جیاوازەکان.