وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە قەرزی نوێی بێسود بۆ دروستکردنی خانوو رادەگەیەنێت

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق نزیکبوونەوەی وادەی کاراکردنی پلانی ساڵانەی قەرزی سندوقی نیشتەجێبوونی بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند. وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبوون و هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت خانوو دروست بکەن.

ئیستبرەق سەباح، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە ڕایگەیاند: "ئەم پلانە نوێیە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەت بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو. قەرزەکان بەبێ هیچ سوودێکی دارایی دەدرێن و بڕی پارەکەش بەپێی پێشکەوتنی قۆناغەکانی دروستکردنی خانووەکە بەسەر خاوەنەکەیدا دابەش دەکرێت."

وتەبێژی وەزارەت ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوەدا کە سندووقەکە پشت بەو پارانە دەبەستێت کە لە قەرزارانی پێشوو وەردەگیرێنەوە، بۆ ئەوەی دووبارە بخرێنەوە گەڕ و بدرێن بە هاوڵاتیانی نوێ تا وەڵامی ئەو خواستە زۆرە بدرێتەوە.

وتیشی؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سندووقەکە بەردەوام بووە لە ڕاییکردنی کاروباری کڕیارانی پێشوو، کە نزیکەی ٧,٠٠٠ مامەڵە دەبن و گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەم قەرزە تەنها یەکجار لە ساڵێکدا دەکرێتەوە و تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت. بۆ ڕێگریکردن لە لۆد و قەرەباڵغی سەر سیستمی ئەلیکترۆنی، وەزارەت بۆ هەر ٤ تا ٥ پارێزگایەک تەنها یەک ڕۆژ دیاری دەکات بۆ خۆتۆمارکردن.


 




AM:11:46:21/06/2026