نێچیرڤان بارزانی: یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگە گەرەنتی مانەوەی قەوارەی هەرێمە

نێچیرڤان بارزانی جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەکان.

لە میانی وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ٢١٠ خوێندکاری کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی هەمووانە پارێزگاری لە ناوبانگ و مێژووی قوربانیدانی پێشمەرگە بکەن و دەبێت ئەو هێزە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی، یەکگرتوو و پیشەییدا خزمەت بکات. هۆشداریشی دا کە نابێت پێشمەرگە هیچ کاتێک ببێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.

سەبارەت بە بژێوی و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە دەبێت باشترکردنی ژیانیان لە پێشینەی کارەکانی حکومەت بێت و بایەخ بە فێربوونی تەکنەلۆژیای جەنگی سەردەم بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی تەبایی و یەکڕیزیی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکان کرد و ڕایگەیاند، هێز و مانەوەی هەرێم کاتێک مسۆگەر دەبێت کە تەبا بن و بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.

هەروەها تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان، کە پێویست دەکات سستییەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە بەخێرایی بە ئەنجام بگەیەندرێت.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە پاشەڕۆژی هەرێم و عێراق پێکەوە بەستراونەتەوە و هەرێمی کوردستان وەک فاکتەری ئارامی دەمێنێتەوە، بێ ئەوەی ببنە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.




PM:12:53:21/06/2026