بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، فیراس سدیق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئەمڕۆ کارتۆنێک هێلکە بە ٤٥ هەزار دینارە بەکۆ، واتا یەک شانە بە ٣ هەزار و ٧٥٠ دینارە"، لە کاتێکدا مانگی پێشوو کارتۆنێک هێلکە ٧٠ هەزار دینار بووە.
یەک شەممە، ٢١ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکە هاتنی وەرزی هاوینە، کە خواست کەم دەبێتەوە لەسەر هێلکە، هەروەها داخستنی قوتابخانەکانیش هۆکارە بۆ زیاتر کەمبوونەوەی خواست لەسەر هێلکە".
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەشکرد "هێلکە زیادەکە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت".
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان یەک شانە هێلکە، کە ٣٠ دانە هێلکەی تێدایە بە ٥ هەزار دینارە، واتە شەش هێلکە بە هەزار دینارە، لە کاتێکدا پێشتر چوار هێلکە بە هەزار دینار بوو.