ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بەردی بناغەی مزگەوتی "گەورەی بارزانی" لە هەولێر دانرا وەک ئەوەی بەرپرسان باسی دەکەن ئەم مزگەوتە چەند پێوەرێکی تێدایە کە "ریکۆردی جیهانی تۆمار دەکات" وە لەسەر پێشنیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، بە بێ ئەوەی باسی تێچووی پرۆژەکە بکرێت.
یەک شەممە، ٢١ حوزەیران ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی لە بارەی پرۆژەکەوە لە کاتی دانانی بەردی بناغەکەی رایگەیاند "ویستمان ناوی ئەم مزگەوتە بنێین مزگەوتی گەورەی بارزانی وەک وەفایەک بۆ رێزلێنان لە گەورەترین رابەری هاوچەرخی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلەکەمان کە بوەتە سمبولی خودا ناسی و دادپەروەری و ئاشتەوایی، هەروەها رەنگدانەوەی ئەو ڕێبازەیە کە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە".
وەزیری ئەوقاف، پشتیوان سادق لە بارەی پرۆژەکەوە وتی "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەم دەستپێشخەرییە گرنگە جارێکی دیکە سەلماندی کە دیدگای بۆ ئاوەدانکردنەوە تەنیا لە ژێرخانی ئابووری و رێگاوبان و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان کورت نابێتەوە، بەڵکو پەرۆشی ئاوەدانکردنەوەی عەقل و پاراستنی بیروباوەڕی رەسەنی کوردی مرۆڤی کوردستانە".
بەپێی زانیارییەکان کە ئەمڕۆ لە مەراسیمەکەدا راگەیاندران "پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە ٢ ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە، پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت".
لە مەسراسیمەکەدا باس لەوەشکراوە کە "بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە ١ ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی ٤٨ مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا".