عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و بانگخوازی ناسراو، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ئاراستەی کراون، کە گوایە گێچەڵی بە چەند قوتابییەکی کچ کردووە لە کۆلێژەکەیدا.
ناوبراو ئەم لێشاوە بە هەڵمەتێکی قێزەون و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ لەکەدارکردنی کەرامەت و تیرۆری مەعنەویی کەسایەتییەکەی وەسف دەکات.
عەبدوللەتیف بە توندی و بە سوێندخواردنەوە سەرجەم ئەو تۆمەت و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و بە درۆ و بوختانی پەتییان لەقەڵەم دەدات. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە پلانێکی ڕێکخراوی چەند تۆڕێکی دەرەکیی خاوەن بیری داعشی و ئیلحادییە لەگەڵ کەسانێکی لادەر لە ناوخۆدا.
ڕوونیشی دەکاتەوە کە ئەو لایەنانە بەهۆی بوونی نهێنیی هەندێک لە کچانی کۆلێژەکە لایان، کچەکانیان خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئابڕووبردن تا شایەتیی درۆ و بوختانی پێ بکەن.
سەرسامیی خۆی لە بێدەنگیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بەم هەڵمەتە دەردەبڕێت، لە کاتێکدا ئەو هێرشکارانە بە ئاشکرا تەکفیری دەسەڵات دەکەن و سەکۆ سێبەرەکانیش ژەهری پڕوپاگەندەکان دەگوازنەوە.
هاوكات سوپاسی ئەو زانا و بانگخوازانە دەکات کە گومانی باشیان پێ بردووە و بەرگرییان لێ کردووە. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە فێڵێکە بۆ شێواندنی ناوبانگی کۆلێژەکەش، و دەڵێت'' واژۆی قوتابیان لەبەردەستدایە کە بە پەرۆشەوە داوایان کردووە وانەیان پێ بڵێتەوە، بۆیە داوا دەکات قوتابیان فریوی ئەو کەسانە نەخۆن کە تەواوی کۆمەڵگە کافر دەکەن.''
لە کۆتاییدا، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ چوونە بەردەم دادگا نیشان دەدات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و جیاکردنەوەی ستەملێکراو لە خەیانەتکار، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دادپەروەری لە ژووری داخراو و بە نهێنی و بێ ئاگاداریی کەسوکاری کچەکان و بێ ئامادەبوونی خۆی بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت هەر سکاڵایەک هەیە بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی باوکی سکاڵاکارەکە لە دادگادا یەکلایی بکرێتەوە.