پارتی: متمانەی خەڵک لای ئێمەیە و یەکێتی بە بیانوو هێنانەوە کات دەکوژێت

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی قسە و لێدوانەکانی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و ڕایگەیاند'' لە پێناو ڕێگری لە چەواشەکاری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ مێژوو، پێویست بوو وەڵامی ئەو چەواشەکارییانە بدرێتەوە کە دوابەدوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بڵاوکرانەوە.''

 پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتێکدا ئەوان خەریکی چڕکردنەوەی دانوستانەکان بوون بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵام یەکێتی دەستی بە کات کوشتن کردووە و بە بیانوو هێنانەوە بووەتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم.

جەختیش دەکاتەوە کە سەرۆکی یەکێتی خۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکاندا نییە.

 وتەبێژی پارتی دەڵێت'' دەبوو وتەبێژەکەی یەکێتی ئاماژەی بە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی هەردوولا بکردایە تا دەربکەوێت کێ نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵک دەکات. ڕوونیشی دەکاتەوە کە یەکێتی بە هەموو تێبینییەکانەوە تەنیا ٢٣ کورسی هەیە، لە کاتێکدا پارتی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و زۆرینەی خەڵک دەکات و سازش لەسەر مافەکانیان ناکات.''

لە وەڵامەکەدا هاتووە کە خەڵکی کوردستان ڕووداوە کارەساتبارەکەی لالەزار و زیندانیکردنی کەسی یەکەمی جوڵانەوەی نەوەی نوێی لەبیر نەکردووە، کە یەکێتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا ئەنجامی دان.

 پارتی بە توندی بەکارهێنانی چەمکی باڵباڵێن لەناو پارتیدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت'' سروشتی پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە". هۆشداریش دەدات کە وەڵام نەدانەوەی پارتی سنووری خۆی هەیە.

 پارتی پێچەوانەی قسەکانی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆرداری و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕای خەڵک، خۆی بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا بسەپێنێت و هیچ حیسابێک بۆ ژمارەی کورسییەکان نەکات.

هەروەها تانە لە یەکێتی دەدات کە جیاکاری دروستکردووە و ڕێگرە لەوەی یاسا و پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێم لە هەموو سنوورەکان وەک یەک جێبەجێ بکرێن.

لە کۆتاییدا، پارتی داوا لە یەکێتی دەکات کە ڕەفتارەکانی بگۆڕێت، چیتر بەشێکی ئازیزی هەرێمەکەمان نەکاتە بارمتەی مەرامەکانی خۆی، و لە پێناو دڵخۆشنەکردنی نەیاران، یەکپارچەیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.



PM:09:42:22/06/2026