بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە"، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە گرتووخانەی ئەدێرنە بکات.
جێدەت ساراچ، یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکانی کڵچدارئۆغڵو، ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند'' پێویستە هەمووان بە وردی گوێ لەو لێدوانانە بگرن کە دوای سەردانەکە دەدرێن.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی جەهەپە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی لێدوانێکی تەلەڤزیۆنییەوە لەبارەی پرسی لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە ناو بەشێکی بەرفراوانی شەقامی کوردیدا بووەوە.
کڵچدارئۆغڵو لەو چاوپێکەوتنەدا گوتبووی کە لە دەنگدان بە لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران پەشیمان نییە؛ ئەو هەنگاوەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستگیرکردنی دەمیرتاش و چەندین پەرلەمانتاری دیکەی کورد.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی نزیکانی ناوبراو، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئێستادا خۆی بە تاوانبار دەزانێت بەرامبەر بە دەمیرتاش و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە هەڵەی کردووە.
کڵچدارئۆغڵو هەست بە تاوان دەکات چونکە لە ڕابردوودا بەشێک بووە لەو شەپۆلەی کە لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتارانی کورد و لێپرسینەوەیاندا بوون، کە دواجار بووە هۆی بەگرتندانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی.