بە فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند گۆڕانکارییەک لە پۆستە باڵاکانی پۆلیس، هاتوچۆ و بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدران.
لەم چوارچێوەیەدا، عەمیدی پۆلیس ئەنوەر عومەر عەلی کرا بە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە وەکالەت، و عەمیدی پۆلیس عابدین عەبدولڕەحمان محەممەد کرا بە بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بە وەکالەت.
هاوکات عەقیدی پۆلیس ستار حەمەئەمین عەول وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە وەکالەت، و موقەدەمی هاتوچۆ ڕێباز کەمال محەممەد وەک بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بەوەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ دەستنیشانکران.
هەروەها عەقیدی پۆلیس ئەرسەلان غەفوور عەبدوڵڵا لە پۆستی پێشووی بەخشرا، و عەقیدی هاتوچۆ عەتا بەهرام سەمینیش گوازرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕێوڕەسیمی گۆڕانکاریی پۆستەکاندا ڕایگەیاند'' ئەم هەنگاوە لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدایە کە حکومەت لە کایە سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجامیان دەدات.''
هاوکات، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گۆڕانکاریی هاوشێوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیاندا ئەنجامدرابوو.