مەسرور بارزانی: پەرۆشی کاراکردنەوەی پەرلەمانم

‌مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی قسەکردن بۆ میدیاکانی حیزبەکەی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکانی حیزبەکەی دەڵێت "پەرۆشی ئەوەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، هیچ پاساوێک نییە بۆ رێگریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان".

سێ شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی ١٢٠ ملیار دینارەکە وەک داهاتی ناوخۆ رایگەیاند "ئەو بڕە پارەیە لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە کە بدرێتە حکومەتی فیدراڵ، چونکە یاسا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان بە حکومەتی فیدراڵی بدرێت،دەمانەوێت داهاتی هەرێم زیاد بکەین بۆ ئەوەی زیاتر یارمەتی عێراق بدەین، بەڵام ئەوە کاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نابێت".

لە بارەی "کێشەی" سیستمی ئەسیکۆدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی "خەریکی وردەکارییەکانین و گەیشتووینەتە رێککەوتنی سەرەتایی و مەبدەئی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا".

لە کۆتاییدا، سەبارەت بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە شاندیان ناردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنیان داوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگە نەوتییەکان دابین بکەن.




PM:09:12:23/06/2026