بەهۆی رووداوەکەی هاتوچۆی رانیەوە دوو کارمەندی تەندروستی سزا دەدرێن

‌ساتی گەیاندنی قوربانییەکان بۆ نەخۆشخانە

دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ، بریندارەکانی رووداوەکەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی رانیە بۆ نیو کاتژمێر چاوەڕێیان کردووە لیژنەپێکهات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕینیش دەڵێت "دوو کارمەندمان سزاداوە".

سێ شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئەنجامی کارەکانی لیژنەکەی ئاشکرا کردوە و رایگەیاند "سەرەڕای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارەکان، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو دۆخە، لیژنەکە بڕیاری سزادانی بۆ کەمتەرخەمەکانی دەرکرد، دوو کارمەندی سەنتەرەکە کە بە کەمتەرخەم دانراون، سزادراون، هەروەها سزای ئاگادارکردنەوە ئاراستەی تەواوی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کراوە".

وتەبێژی تەندروستیی راپەڕین، تەها محەمەد دوای روواوەکەی وتی "لیژنەیەکمان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی راپەڕین دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هەر کەسێک لەم دۆسیەیەدا کەمتەرخەم بووبێت، رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەکرێتەوە".

لە رووداوێکی هاتووچۆودا لە دەڤەری راپەڕین، ئەمڕۆ چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.




PM:10:03:23/06/2026