لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکردوە "پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە بەرەو کۆتایی دەچێت و ڕۆژی چوارشەممە سیستمی پێشکەشکردنی فۆرمەکە بە فەرمی ڕادەگیرێت و دادەخرێت".
سێ شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند " ڕۆژی چوار شەممە دوا مۆڵەتە و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە و دوای کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، سیستمەکە بە تەواوی ڕادەوەستێت".
لیژنەی باڵای دامەزراندنی هەڵەبجە داوا لەو کەسانە دەکات کە "تاوەکو ئێستا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، پەلە بکەن لە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان".
ڕۆژی چوار شەممە ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، لینکی فۆڕمی دامەزراندن بۆ ٢٥٠ کەس لە سنووری پارێزگاکە چالاککرا، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی کراوە بوو و هەموو ئەو کەسانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، مافی ئەوەیان هەیە فۆڕم پڕبکەنەوە و بەشداری لە کێبڕکێکەدا بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی باڵای دامەزراندن، لە کۆی ئەو ٢٥٠ کەسەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دراوە، ٢٢ کەسیان لە بواری سەربازیدا دەبن.