سەنتەری تیشکی رانیە لەسەر سزادانی کارمەندەکانی وەڵامی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی راپەڕین دەداتەوە

‌ساتی گەیاندنی قوربانییەکان بە نەخۆشخانە

کارگێری سەنتەری تیشکی رانیە، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە سزادانی "دوو کارمەندیان" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕینەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت "راستەوخۆ کەوتوونەتە تۆمەت بەخشینەوە".

راگەیاندراوەکەی کارگێری سەنتەری تیشکی رانیە شەوی چوار شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە "کارمەندی ئیشکگر تەنیا ١١ خولەک دوای تەلەفۆنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن گەیشتووەتە شوێنی کارەکەی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە چەندین جارە نەخۆش رەوانەی سەنتەر دەکرێت و درەنگ کارمەندەکانمان ئاگادار دەکرێنەوە".

"زیاتر لە ١٠  ساڵە داوای کڕینی ئامێرێکی سی تی سکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە دەکەین، بەڵام تەندروستیی راپەڕین نەیتوانیوە دابینی بکات و بەهۆی بێ پلانییەوە ئامێرێکیش کە بڕیارە بکڕدرێ، پسپۆڕانی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە و پێداویستیی ناوچەکە پڕ ناکاتەوە"، کارگێری سەنتەری تیشکی رانیە وا دەڵێت.

کارگێری سەنتەری تیشکی رانیە ئاماژەی بەوەشکردوە کە "٦ مانگە بەهۆی تێکچوونی ئامێری قەڵادزێوە، هەموو نەخۆشەکانی ئەو سنوورە لە نیوەشەودا دەنێردرێن بۆ رانیە، ئەمە جگە لەوەی تەندروستیی راپەڕین بەڵێنی دابینکردنی ژووری مانەوە و خواردنی بۆ کارمەندانی ئیشکگر دابوو، بەڵام جێبەجێی نەکرد، لە کاتێکدا شوێنی سەنتەرەکە دوورەدەستە".

دوێنێ شەو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئەنجامی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئاشکرا کرد و وتی "سەرەڕای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارەکان، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو دۆخە، لیژنەکە بڕیاری سزادانی بۆ کەمتەرخەمەکانی دەرکرد، دوو کارمەندی سەنتەرەکە کە بە کەمتەرخەم دانراون، سزادراون، هەروەها سزای ئاگادارکردنەوە ئاراستەی تەواوی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کراوە".

لە رووداوێکی هاتووچۆودا لە دەڤەری راپەڕین، دوێنێ چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.




AM:12:18:24/06/2026